Rebar Kurdish Tafsir

Multiple Ayahs

Tags

Download Links

Commentary explaining the meaning of the ayahs. One passage often covers several ayahs, so neighbouring ayahs can show the same text.

Rebar Kurdish Tafsir tafsir for Surah Luqman — Ayah 6

وَمِنَ ٱلنَّاسِ مَن يَشۡتَرِي لَهۡوَ ٱلۡحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ بِغَيۡرِ عِلۡمٖ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًاۚ أُوْلَٰٓئِكَ لَهُمۡ عَذَابٞ مُّهِينٞ ٦
{حه‌رامێتى گۆرانى و مۆسيقا} [ وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْتَرِي ] وه‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا كه‌سانێك هه‌ن كه‌ سود له‌ قورئانى پیرۆز نابینن و سه‌رقاڵن به‌ [ لَهْوَ الْحَدِيثِ ] واته‌: شه‌ریك دانان بۆ خواى گه‌وره‌، یاخود گۆرانی و مۆسیقا، یاخود هه‌موو قسه‌و شتێك كه‌ خه‌ڵكی سه‌رقاڵ بكات له‌ دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌و رێگریان بكات لێى، (عبدالله¬ى كوڕى مه‌سعود) سێ جار ده‌فه‌رمێت: سوێند به‌و خوایه‌ى هیچ په‌رستراوێك به‌حه‌ق نیه‌ شایانى په‌رستن بێت جگه‌ له‌و، مه‌به‌ست له‌م ئایه‌ته‌ گۆرانییه‌، وه‌ (عبدالله‌ى كوڕى عه‌بباس و جابرو عیكریمه‌و سه‌عیدى كوڕى جوبه‌یرو موجاهیدو مه‌كحول و عه‌مرى كوڕى شوعه‌یب و عه‌لى كوڕى بوزه‌یمه‌یش) وایان فه‌رمووه‌، وه‌ (حه‌سه‌نى به‌صرى) ده‌فه‌رمێت: ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر گۆرانى و مۆسیقا دابه‌زیوه‌ [ لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگری بكه‌ن له‌ ڕێگای خوای گه‌وره‌، واته‌: خه‌ڵكى گومڕا بكه‌ن و لابده‌ن له‌ ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره‌ به‌ گۆرانی و مۆسیقاو هه‌موو شتێكی پووچه‌ڵ [ بِغَيْرِ عِلْمٍ ] به‌بێ زانست و زانیاری [ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًا ] وه‌ ئه‌م ڕێگایانه‌ ئه‌گرنه‌به‌ر تا گاڵته‌ به‌ ڕێگاو دینی خوای گه‌وره‌ بكه‌ن [ أُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُهِينٌ (٦) ] ئا ئه‌مانه‌ له‌ ڕۆژی دوایی سزایه‌كیان بۆ هه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ناو سزاكه‌شدا ڕیسوایان ئه‌كات.