شەونوێژ كردن بوو بە سوننەت
[ إِنَّ رَبَّكَ يَعْلَمُ أَنَّكَ تَقُومُ أَدْنَى مِنْ ثُلُثَيِ اللَّيْلِ ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم بە دڵنیایى پەروەردگارت ئەزانێت كە جاری وا هەیە تۆ كەمتر لە دوو لەسەر سێی شەو هەڵئەستی شەونوێژ ئەكەی [ وَنِصْفَهُ ] یاخود نیوەی شەو شەونوێژ ئەكەی [ وَثُلُثَهُ ] یان یەك لەسەر سێى شەونوێژ دەكەیت هەر جاری بە شێوازێك [ وَطَائِفَةٌ مِنَ الَّذِينَ مَعَكَ ] وە كۆمەڵێك لە سەحابەیش كە لەگەڵتدان ئەوانیش بەم شێوازە شەونوێژ ئەكەن [ وَاللَّهُ يُقَدِّرُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ ] وە خوای گەورە خۆی تەقدیری شەو و ڕۆژ ئەكات جاری وا هەیە بەرامبەر یەكن، وە جاری وا هەیە شەو درێژترە، وە جارى وا هەیە ڕۆژ درێژترە [ عَلِمَ أَنْ لَنْ تُحْصُوهُ ] خوای گەورە ئەزانێ كە ئێوە ناتوانن بەردەوام بن لەسەر شەونوێژەكە, كە وتمان: لەسەرەتادا فەرز بووە [ فَتَابَ عَلَيْكُمْ ] دوای دوانزە مانگ كە شەونوێژیان كرد لێرەدا سەرەتای ئایەتەكە بە كۆتاییەكەى نەسخ بووەوەو شەونوێژەكە بوو بە سوننەت [ فَاقْرَءُوا مَا تَيَسَّرَ مِنَ الْقُرْآنِ ] ئێوە چەندێك لە تواناتاندا هەیە ئەوەندە قورئان لە شەونوێژەكانتاندا بخوێنن و بە گوێرەى تواناتان شەونوێژ بكەن هەركاتێك لەشەودا كە توانیتان، واتە: شەونوێژ نەسخ بووەوە لەسەر پێغەمبەریش صلى الله علیه وسلم [ عَلِمَ أَنْ سَيَكُونُ مِنْكُمْ مَرْضَى ] وە خوای گەورە ئەزانێ لەناو ئێوە كەسانێك هەن كە نەخۆشن ناتوانن شەو هەستن شەونوێژ بكەن [ وَآخَرُونَ يَضْرِبُونَ فِي الْأَرْضِ يَبْتَغُونَ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ ] وە كەسانێكی تریش موسافیرو ڕێبوارن بەسەر زەویدا ئەگەڕێن بۆ بازرگانی و سوودو قازانج داوای فەزڵ و ڕزقی خوای گەورە ئەكەن ئەوانیش ناتوانن شەونوێژ بكەن [ وَآخَرُونَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ] وە كەسانێكی تریش لە پێناو خوای گەورەدا كوشتار ئەكەن و موجاهیدن ئەوانیش ناتوانن شەونوێژ بكەن [ فَاقْرَءُوا مَا تَيَسَّرَ مِنْهُ ] بۆیە چەندێك لە تواناتاندا هەیە وە بۆتان ئاسانە ئەوەندە شەونوێژ بكەن [ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ ] وە نوێژە فەرزەكان بكەن [ وَآتُوا الزَّكَاةَ ] وە زەكاتی فەرز بدەن [ وَأَقْرِضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا ] وە قەرزێكی باش بە خوای گەورە بدەن، واتە: ببەخشن لە پێناو خوای گەورە, خوای گەورە یەك بە دە تا یەك بە حەوت سەد تا زیاتر ئەجرو پاداشتتان ئەداتەوە [ وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِكُمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ ] وە ئەو كردەوە چاكانەی كە لە پێش خۆتانەوە پێش مردن ئەینێرن ئەجرو پاداشتەكەی لای خوای گەورە ئەبیننەوە، واتە: هەر خێرێك بكەن لە قیامەت ئەیبیننەوەو نافەوتێت [ هُوَ خَيْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا ] ئەوەی كە ئەیبەخشن ئەمە بۆ ئێوە باشترە وە ئەجرو پاداشتیشی زیاترە لەوەی كە نایبەخشن [ وَاسْتَغْفِرُوا اللَّهَ ] وە داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە بكەن [ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٢٠) ] بە دڵنیایی خوای گەورە زۆر لێخۆشبوو بە بەزەییە، والله أعلم . بەم شێوازە هاتینە كۆتایی تەفسیرى سوورەتى (موززەممیل) والحمد لله.