[ فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم تۆ ڕووی خۆت بە پاكی ڕابگرەو دامەزراو بە لەسەر دین و تەوحیدى خوای گەورە [ فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا ] ئەم دینە پاكە ئەو فیترەتە پاكەیە كە خوای گەورە خەڵكی خستۆتە سەری، واتە: خەڵكى كە لە دایك دەبن لەسەر فیترەتی پاكی ئیسلامن، دواتر دایك و باوك و دەوروبەر دەیانگۆڕن و كاریگەریان لێدەكەن [ لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ] هیچ گۆڕانێك بەسەر دروستكراوی خوای گەورەدا نایات، واتە: ئەوەی لەسەر فیترەتەكەی خۆی بمێنێتەوە لەسەر تەوحیدە، یاخود خەڵكى لەسەر فیترەتى پاكى ئیسلام و یەكخواپەرستى لامەدەن و وازیان لێبێنن [ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ ] ئا ئەمە دینی ڕێك و ڕاست و دامەزراوە [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ (٣٠) ] بەڵام زۆربەی خەڵكی نازانن .